سەرگەردانی گەنجانی کورد لە رۆژهەڵات

لەو رۆژەوەی کوردستان دابەشکراوە، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنها ئەو ماوە کەمە توانیویەتی وەکو کورد بژی لەو بەشەی وڵاتدا، کە پێشەوا قازی موحەمەد کۆماری کوردستانی راگەیاند، بەڵام بەداخەوە ئەو وەکو کورد ژیانەش زۆری نەخایاند ژیان و ماف و ئازادی ئەو میللەتە کرایە قوربانی سەقفەیەکی ئابوری و سیاسی زلهێزانی دونیا و داگیرکاری کوردستان.

راستە ئەم مێژووە لەژێر دەستی، ئەم زەمەنە لەچەوساندنەوە کوردی بێ هیوا نەکردووە، و بەردەوام میللەتێکی زیندووبووە لەتێکۆشان، لێ چاوپۆشی جیهانی دەرەوە و ئەو وڵاتانەی کە شعاری مافی مرۆڤیان بەرزکردۆتەوە، لەو هەموو زوڵمەی لەکورد دەکرێت، بگرە پشتیوانی راستەوخۆو ناراستەوخۆشیان لەو داگیرکارەی کە وڵاتی کوردی داگیرکردووە، خەریکە بێهوایی لەناو ئەو میللەتەدا دروست دەکات بەتایبەت گەنجانی کورد لەرۆژهەڵات.

من هەرگیز رەشبین نەبووم هەرگیز لەگەڵ تەسلیم بوون نیم بەبێهیوایی بەڵام ژیانی هاونیشتیمانیەکانم ئەو بێهواییەی کە خەریکە روو دەکاتە گەنجانی وڵاتەکەم، ناچارم دەکات دەیان جار نەفرەت لە وڵاتانی بەرژەوەندی پەرستی جیهان ، ئەو وڵاتانە بکەم کە شیعاری رێزگرتن لەمافی مرۆڤیان بەرزکردۆتەوەو چاویان لەهیوای بەهێزی گەنجانی ئەو وڵاتەی من نییە کە لەژێر هەرەشەی هەرەس هێناندایە، ئاخر وڵاتێک گەنجەکانی هیوایان هەرەسی هێنا بێت، ئایندەی وڵاتە ئەگەر رەش دیار نەبێت، ئەوە ئایندە نادیارە، ئەوەش هیچ کات هەستی ئینسان بوونی ئەو وڵاتانە ناجوڵێنێ، رەنگە ئەو وڵاتانەی باس لەمافی مرۆڤ دەکەن لە روخانی هیوای گەنجانی کورد لە رۆژهەڵات، بێ دەنگن پێیان وابێ بەوەی دەیکەن دەتوانن، سەفقەیەکی سیاسی و پاروێکی چەوری بازرگانی بەدەست بهێنن و ناراستی پشت شعاراتەکانیشیان ئاشکرا نەبێ، بێ ئاگان لەوەی کە رووی ئەوان ئێستا لای ئەو گەنجانەی لەبێهواییدا دەژین هیچ نییە جگە لە روویەکی ناشیرن و ماسک هەڵگر.

گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لەوەی زیندانەکانیان لێ پر دەکرێت و پەتی سێدارەکان دەکەنە گەردانەی ملیان لەلایەن حکومەتی داگیرکاری ئەو وڵاتەوە، بەبەرنا رووبەڕووی گیرۆدەکردن و ئالودەبوون دەبنەوە بە مادە کوشندە هۆشبەرەکان و هەزارانیان ئێستا بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن، کاتێکیش لەو دۆخە پر لە خەتەرە بۆ سەر ژیانیان هەڵدێنە وڵاتانی دراوسێیان، ئەوە بە ئاسانی دەبنەوە پاروویەکی چەور بۆ دەزگا سیخورییەکانی ئەو وڵاتەو بە ئاسانی دەیانگێڕنەوە ئەو جێگەی لێوەی هەڵهاتوون، زۆرن نمونەی ئەوانەی بەدەستوباڵبەستراوی برانەوە بەردەستی دەزگاکانی ئێران، ئەوە جگە لەوەی ئێستا خەڵکێکی زۆری رۆژهەڵات لەهەمان دڵەراوکێی رفاندنەوەیاندا دەژین بۆ وڵاتەکەیان.

خۆ کاتێکیش روو لەوڵاتانی ئەورپای بەناو هەڵگری ئاڵای مافی مرۆڤ دەکەن، ئەوە بەشێک لەوان دەبنە قوربانی میزاجی شەخسی و نا میزاجی بەرپرسی کەیسەکانیان، یان بۆ نیوەی تەمەنیان لە ئەورپا لەدەرەوەی هەموو مافێک دەهێڵدرێنەوە بە پێنەدانی ئیقامەیان، یان بەهەرەشەی بەزۆرناردنەوەی توش بەگرفت و نەخۆشی دەرونی و رۆحی دەکرێن و بۆ ئەبەد ژیانیان دەکەنە دۆزەخ، جگە لەوەش روویداوە هەندێکیان ناردونەتەوە بۆ بەردەم رەحمەتی سێدارەی ئێران و هەڵواسراون تا مردنیان.

بەڵێ گەمە ژیان و سەرگەردانی گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەبەرچاوی هەموو بانگەشەکارانی ژیان دۆستی و هەڵگرانی ئاڵای مافی مرۆڤەوە.


Kommentarer

Kommentera inlägget här:

Namn:
Kom ihåg mig?

E-postadress: (publiceras ej)

URL/Bloggadress:

Kommentar:

Trackback
RSS 2.0