مەولود ئافەند و پرسی دەڵەوتی کوردی و خیانەت *

 

 

 
 

مەولود ئافەند و پرسی دەڵەوتی کوردی و خیانەت

بەختیار دەروێشی*

 

مەولود ئافەند رۆژنامەنوس خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لەباشوری کوردستان شوێن بزرەو هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەدا دەرۆن کە لەلایەن ئیتڵاعاتی ئێرانەوە رفێنرابێت، لێدوانی بەرپرسانی ئێرانیش گومانەکان توندتر دەکەن لەوەی، کە مەولود دەستی جمهوری ئیسلامی ئێران کەوتووە، بەڵام چۆن دەستکەوتنێک، دەستکەوتنێک لە لەپێشچاوی حکومەتی باشوری کوردستان، سیخورەکانی ئێران بەرۆژی رووناک رفاندویانە، ئەو دەنگۆیانەش هیواکانمان بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی خاپور دەکەن، دوو رێگاش دەخەنە بەردەم حکومەتی کوردستان، یان بەدەنگهاتن و کارکردن بۆ رزگارکردنی مەولود ئافەند، یان تۆمارکردنی خیانەتێکی گەورە لەمێژووی خۆیدا.
ئەوەی زیاتر شوێن بزربوونی مەلود ئافەند بەئاراستەی رفاندنیدا لەلایەن ئێرانەوە زیاتر یەکلادەکاتەوە، ئەو راگەیاندراوەیە کە سێ رۆژ دوای بزربوونی مەولود ئیتڵاعاتی ئێران لە ئاژانسی فارسنیوزەوە رایگەیاند كە بەقسەی خۆیان چەند ئەفسەر و سیخوڕێكی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی دەستگیرکردووە.
ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیەنراوێکدا باسی ئەو کەسانە دەکات کە دەستگیری کردوون، لە بڕگەیەکی پێشەكی ئەو راگەیانراوەدا باسی ئەو وڵاتانە دەکات کە ئەو کەسانەیان تێدا دەستگیرکردووە و دەڵێت”هەندێك لەو وڵاتانە خاكەكەیان یان ناسنامەی دانیشتوانی وڵاتەكەیان لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە مۆسادەوە بە خراپ ئستیفادەی لێکیراوە”.
زۆرێک لەچاودێرانیش وای دەبینن، کە ئەم برگەی راگەیەنراوەکەی ئیتڵاعات، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو گۆڤارەی کە مەلود ئافەندی رۆژنامەنوس لە باشوری کوردستان سەرنوسەری بووە، چونکە گۆڤارەکەی ناوی گۆڤاری”ئیسرائیل کورد”ە. واتە ئێران پێی وایە مۆساد کەڵکی لەناوی کورد وەرگرتووە.
بەڵگەی زیاتری ئەوەش کە جمهوری ئیسلامی ئێران، توڕەبووە لەچاپکردنی ئەو گۆڤارە لەباشوری کوردستاندا، ئەو نامەیەی نازم عومەر بەرپرسی پەیوەندیەکانی باشوری کوردستانە لەگەڵ ئێرانە، کە ساڵی رابردوو دوای ئاشکرابوونی لەراگەیاندنەکان بڵاوکرایەوەو بۆ سەرۆكی حكومەتی كوردستانی نوسیبوو، ئێران دڵتەنگە لە دەرچوونەوەی ژمارەیەكی نوێی گۆڤاری ئیسرائیل –كورد چونکە بەڵێندرابوو رابگیرێت.
ئەو نامەیەی نازم عومەر لە پێشتر و دوای شوێنبزربوونی مەولود ئافەندیش ئەو راگەیەنراوەی ئیتڵاعات کەدەڵێت ئەوانەی دەستگیرکراون، کەڵکیان لەبەکارهێنانی ناوی دانیشتوانی وڵاتێک وەرگرتووە، گومانی رفاندنی مەولود لەلایەن ئێرانەوە تەواو پشتراستدەکەنەوە، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە باشوری کوردستان، بووەتە مۆڵگەی جاسوسی وڵاتانی دەوروبەر، داگیرکەرانی کوردستان لەباشوری کوردستاندا دەسەڵات و توانایان هەیە، هەرچی خۆیان ویستیان ئەنجامی بدەن.
باشوری کوردستان کە حکومی خۆ بەڕێوەبردنی خۆی هەیە، تا ئاستێکی باش جێ هیوای خەڵکی کورد بووە لەبەشەکانی تری کوردستان و بە ئاسۆی رزگاری بەشەکانی خۆیان لێیانڕوانیوە، وێڕای ئەوەی کە لەکاتی شەڕی ناوخۆی پارتەکانی باشوری کوردستان، چەندین جار ئێران دەستی گەشتۆتە بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات و لەوێ خەڵکی لێ تیرۆردەکردن و لێی دەکوشتن و یان لێی دەرفاندن، بەڵام دوای کۆتاهاتنی شەڕی ناوخۆی پارتەکانی باشوور، تا ئاستێک ئەم دیاردەیە کۆتایی پێهاتبوو، بۆیە کوردانی بەشەکانی تری کوردستان و بەتایبەت کوردانی رۆژهەڵات، لەکاتی دروستبونی مەترسی لەسەر ژیانیان روویان لەباشوری کوردستان دەکرد، واتە باشوری کوردستان و ئەو خۆ بەڕێوەبەرییەی کە لەوێ هەبوو، وێڕای ئەوەی ببوە هیوا بۆ ئازادی یەکجارەکی وڵاتەکەیان، هیوای هەموو ئەو تاکانەی کوردیش بووە کە لەبەشەکانی تری کوردستان خەتەر لەسەر ژیانیان دروست دەبوو.
لەم ماوەی پێشوودا ئەوەی زیاتر جێی هیوای کوردانی بەشەکانی تر بوو بەباشوری کوردستان، باسکردن لە دروستکردن و راگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو لەباشوری کوردستان، چونکە ئەمە هیوای ئازادی ئەوانی فرەوانتر دەکرد، بەڵام لەناو ئەو هیوا گەورەی کوردانی تر بەباشوری کوردستان، بزربوونی مەولود ئافەندی رۆژنامەنوسی کورد لە باشور، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خەریکە هیواکان دەڕەوێنێتەوەو پێمان دەڵێت، ئەوەی ئێمە لەباری دامەزراندنی حکومەتی کوردییەوە لەڕێی حکومەتی باشوری کوردستانەوە باسی دەکەین، زیاتر لەخەون دەچێت، نەوەک شتێک لەئەرزی واقیعدا کاری بۆکرابێت، ئاخر یەکێک لە بنەماکانی حکومەت و حکومەتداری هەبوونی ئەمنیەت و توانای دابینکردنی ئەمنیەتە بۆ ئەو کەسانەی کە لەو وڵاتەدا دەژین.
راستە ئێستا لەباشوری کوردستان تەقینەوەو کاری تیرۆرستی و کوشتن ئەنجام نادرێت، بەڵام شوێنبزرکردنی رۆژنامەنوس مەولد ئافەند لەباشوری کوردستان و زیادبوونی ئەو دەنگۆیانەی کە لەلایەن جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە رفێنراوە، ئاماژەیەکی ترسناک دەدەن پێمان، کە لەباشوری کوردستاندا دەزگای جاسوسی وڵاتانی دراوسێ لەچالاکیدان و مەترسین بۆ سەرژیانی هەموو ئەوانەی لە وڵاتەکەی خۆیانەوە هەڵدێن و پەنا بۆ باشور دەبەن، هەموو ئەو ئاماژانەش پێمان دەڵێن، کە نەخێر لەباشوری کوردستان ئەمنیەت دابین نەکراوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی هەموو ئەو کوردانەی کە ئاوارەی باشوور بوون بوونی هەیە، و لەهەر رۆژێکدا دەبێت چاوەڕێی ئەوەبن بە باڵ و چاوبەسراوی بیانبەنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هەڵهاتوون، کەوایە شوێنبزرکردنی مەولود ئافەند لەباشوری کوردستان، بەڵگەی نەبوونی ئەمنیەتە لەباشور و نەبونی ئەمنیەتیش مانای نەبوون و کار نەکردنە بۆ بنەماکانی بەدەوڵەتبوون. مانای ئەوەیە کە باسکردنیش لە دەوڵەتی کوردی تەنها وروژاندن و هەوڵە بۆ بەدەستهێنانی عەتفی خەڵک نەک شتێک بێت لەبرواو ویستی دەسەڵات بەڕێوەبەرانی باشوردا بوونی هەبێت، چونکە ئەگەر بوونی هەبوایە، دەبوو کاری جدیشی بۆ بکەن.
شوێن بزربوونی مەولود ئافەند لەباشوری کوردستان، و دەنگۆی فراندنی لەلایەن ئتڵاعاتی ئێرانەوە، خەونی بەدەوڵەت بوونی کورد لەرێی ئەو دەسەڵاتەی باشورەوە لەلای کوردانی بەشەکانی تری کوردستان دەزڕێنێت، پێیان دەڵێت، ئازادی باشوری کوردستان و ئەو حکومەتەی کە لەباشوری کوردستاندا هەیە، مەکەنە بنەمای بنیاتنانی هیواکانتان، چونکە حکومەتێک توانای پاراستنی پەنابەرە هاونەتەوەکانی خۆی نەبێت، لەسەر خاکەکەیدا، حکومەتێک توانای رێگری لە هاتوچۆو چالاکی و ئۆپەراسیۆنی دەزگاسیخورییەکانی ئەو وڵاتانەی نەبێت لەسەر خاکەکەی، کە لەدژی هەبوونی کوردن، نەک دەوڵەتی کوردی. دەبێت چۆن هیوامان بەسەرکەوتنی هەبێت و چۆن چاوەڕوانی ئەوە بین ئەو حکومەتەو کارەکانی ببنە بنەمایەکی باش بۆ هیوای ئازادی بەشەکانی تری کوردستان.
ئاخر ئەوە تەنها لە عەقڵێکی پووت چاوەڕوانکراوە، کە پێی وابێت دەسەڵاتێک توانای رێگری دەزگا جاسوسییەکانی وڵاتانی دووژمنی کوردی نەبێت، لەسەر خاکەکەی و لەژێر دەسەڵاتەکەیدا، لەتوانایدا هەیە حکومەتی کوردی درستبکات.
دیارنەمانی مەولود ئافەند لەباشوردا، نەک هەر بەتەنها خەونی کوردانی بەشەکانی تری کوردستان بۆ بەحکومەت بوونی باشورو دەزڕێنێت، بەڵکو برواکانیشیان بە باشوور وێران دەکات و پێیان دەڵێت. ئیتر باشوری کوردستانیش ئەو پەناگە ئارامە نییە کە ئێوە لەکاتی دروستبوونی مەترسی بۆ سەرژیانتان پەنای بۆ ببەن، پێیان دەڵێت لەهەرجێیەکی باشوری کوردستاندا بن، دەستی دەزگا سیخورو جاسوسییەکانی وڵاتانی خۆتان دەتانگاتێ.
من بەدڵ هیواخوازم ئەوە رووینەدابێت، کە مەولود ئافەندی رۆژنامەنوس لەژێر سایەی دەسەڵاتی کوردستاندا رفێنرابێت و گەیەنرابێتەوە ئێران، هیوام وایە ئەگەر ئەوەش رویدابێت، حکومەتی کوردستان بەشدارنەبوونی خۆی لە رفاندن و شوێنبزرکردنی مەولود ئافەند بسەلمێنێت و هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ دیاریکردنی چارەنوس و هەوڵی رزگارکردنی ئەو رۆژنامەنوسە، چونکە حکومەتی کوردستان دەتوانێ لەهەموو دنیادا دەنگ بەرز بکاتەوە بەوەی، کە گروپە جاسوسییەکان وڵاتانی دەروبەری سنوری دەسەڵات و سەروەری وڵاتی ئەویان بەزاندووەو پەنابەرێکیان لەناو خاکی وڵاتی ئەودا رفاندووە، خۆ ئەگەر ئەمە نەکات، ئەوە بێگومان دەیسەلمێنێت کە بەشداری ئەو کردەوەیەو ئەوەش وەک خیانەتی گەورە لەمێژووی خۆیدا تۆمار دەکات.
*وتەبێژی کەمپەینی بە هاناچوونی مەلوود ئافەند لە دەرەوەی کوردستان


Kommentarer

Kommentera inlägget här:

Namn:
Kom ihåg mig?

E-postadress: (publiceras ej)

URL/Bloggadress:

Kommentar:

Trackback
RSS 2.0