راپەرینی خەڵکی ناوچەکەو خامۆشی رۆژهەڵاتی کوردستان

 
 
راپەرینی خەڵکی ناوچەکەو خامۆشی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
بەختیار دەروێشی
 
ناوچەکە بەگشتی بەگۆڕانکاریدا گوزەر دەکات، دەسەڵاتە پۆڵاین و سەربازییەکان بەرەو هەرەس دەچن، لەزۆرێک لەوڵاتەکان هێزێک بەرەو لوتکەی دەسەڵات چوون، کە جگە لە دڵی جەماوەر نە چەکێکیان پێ بووە نە هێزێکی سەربازییان بەدەستەوە بووە، رووداوو راپەڕینەکانی ناوچەکە راستییەکیان سەلماند، کە هێزی گەل لەسەرووی هەموو هێزو توانا و تەکنەلۆژیا سەربازییەکانەوەن، دەرکەوتنی ئەم راستیە ئەکرێ بۆ میللەتێکی بێ پشتیوان و دابەشکراوی وەکو کورد دەرکەوتنی تیشکی هیوایەکی نوێ بێت.

لەوکاتەوەی کوردستان دابەشبووە، بەسەر ئێران و عێراق و تورکیا، هیچ سەردەمێکی بەقەد ئەمرۆ دەرفەتی زێڕین بۆ کورد پێش نەهاتووە، ئەمرۆ باشوری کوردستان، حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری هەیەو نیمچە سەربەخۆییەک مومارەسە دەکات، کرانەوەی تورکیا بۆ راکێشانی سەرەنجی دنیا بەلای خۆیدا، بووەتە دەرفەت بۆ باکوری کوردستان کە چالاکی و هەنگاوی گەورەی سیاسی هەڵگرێت و کۆمەڵەکوردێکی زۆر چالاک رەوانەی پەڕلەمانی تورکیا بکات، لەوێ بەدەنگی زوڵاڵ بانگ بۆ ئازادی کورد بدەن، جیا لەوەی لەشارەکانیدا، تا دێ جموجوڵی نەتەوەیی پەرەدەسێنێت، بانگدان بۆ ئازادی زوڵاڵ تر دەبیسترێت و هیوا زیاتر گەشەدەکات، لەچیاکانیدا تا دێ دەنگی هێزی گەل بەرزتر دەبێت، گەریلا بەهێزتر دەردەکەوێت و سوپای تورکیش هەراسانتر دەبێت، رۆژئاوای کوردستان، راپەڕینەکانی عەرەب لەدژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانیان و راپەرینی خەڵکی سوریاش لە حکومی ئەسەد، دەکاتە دەرفەتی زێڕین بۆخۆی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بەشێک لەشارەکان دەکەوێتە دەست کورد، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی بەعس دەشەکێتەوە، یەک دەنگی کورد بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییەی کە لەئەنجامی راپەڕینەکانی خەڵکی ناوچەکە هاتۆتە پێش، تادێت بڵندتر دەبیسترێت، هەموو ئەوانە وایکردووە، هیوا رووخاوەکانی ئەو بەشانەی کوردستان سەرلەنوێ بگەشێنەوە جارێکی تر کوردستانی بوون ببێتە رۆحی کوردو بەکەمتر لەئازادی رازی نەبن.

بەڵام بەداخەوە لەو نێوانەدا رۆژهەڵاتی کوردستان خامۆشییەکی ترسناک دایگرتووە، بێ دەنگییەک کە بەدرێژیی مێژوو ئەو بەشەی وڵات بەخۆیەوە نەدیووە، بێ دەنگییەکی هیواکوژ، بێ دەنگییەک کە پرسیارگەلێک لەهۆکارەکەی هاتۆتەگۆڕێ.

ئەویش لەکاتێکدا کە رۆژهەڵاتی کوردستان بەغەدری مێژوو لێکنراوە بە ئێرانەوە کە رەنگە ئەمەش چانسی ئازادبوونی زیاتری پێبدات لەبەشەکانی تری کوردستان، ئاخر سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە لە سیستەمی سیاسی هەرکام لەو وڵاتانەی تر کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، زیاتر بۆتە ئامانج بۆ لێدان و کەمکردنەوەی هێزو قودرەتی، بەشێوەیەک خەریکە لەسەر مێزی دژایەتی بۆ ئێران هەموو جیهان کۆببنەوە، خوێندنەوە سیاسیەکان هەموو بەو ئاراستەدا دەرۆن، کە حکومەت و سیستەمی ئیستای ئێران، یان دەروخێنرێت یان هێندە لاواز دەکرێت لەناو کێشەناوخۆییەکانی خۆی و لەژێر ئابڵوقەدانیدا هەرەس دەهێنێت. بەم پێوەرەش بێت دەرفەت بۆ خەباتی خەڵکی کورد لەو وڵاتەدا زۆر لەبارترو گونجاوترە لەهەرکام لەو وڵاتانەی ترو دەکرێت هەر جموجوڵێکی کورد لە ئێران کە سیستەمێکی رەتکراوەی نێودەوڵەتی هەیە، پشتیوانی زۆر زیاتر لە هەر بزوتنەوەیەکی کوردی لەبەشەکانی تری کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام وێڕای ئەم هۆکارە گەورە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهان، وێڕای بەرەو لاوازی چوونی سیستەمی ئێران و وێڕای هەرەشەکانی جیهان بۆ کۆتاهێنان بەو شێوە حوکمڕانییە لەئێراندا، رۆژهەڵاتی کوردستان خامۆشییەکی سەیر دایگرتووە، بێ دەنگی و خامۆشی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم کاتەدا کە ناوچەکە گڕی گرتووە سیستەمە ئاسینینەکان بەدەستی خەڵکی بێچەکی سەر شەقامەکان هەرەس دێنێ، بە رای من بۆ سێ لا دەگەڕێتەوە.

یەکەم: چاوەڕوانی کورد بۆ ئەوەی هێزێکی نێودەوڵەتی بێت، حکومەتی ئەو وڵاتە بروخێنێت و ئەوان بچنە سەر سفرەی حازر.

دووەم: چاوترساوی خەڵکی رۆژهەڵات بەوەی کە لەکاتی هەر جموجوڵێکدا رووبەڕووی رەشبگیری و کوشت و برو خوێن رشتن بونەتەوە.

سێیەم: پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، نەبوونی بڕیارو ئاراستەکردنی هاوبەشی لایەنەکان بۆ خەڵکی شوێنکەوتوویان لەناوخۆی کوردستان و تا ئاستێک بێهیوایی و مەترسی خەڵکی کوردستان لەدروستبوونی شەڕی ناوخۆی حزبەکان لەئەگەری ئازادیدا.

بەرای من ئەو رسێ هۆکارەکە کاریگەریان لەسەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، خەڵکی ئێمە فێری چاوەڕوانییەکی مێژوویی و تەقلیدیی بووە، کە ئازادی مەحاڵە ئەگەر یەکێک لەوڵاتە زلهێزەکان پشتیوانت نەبن، بەگژداچونەوەی دەسەڵاتەکان و رزگارکردنی وڵاتەکەت دوور لەپشتیوانی راستەوخۆی نێودەوڵەتی شەڕی خۆکوژییە، هەروەها خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوترسێن کراون بەوەی، لەگەڵ هەر جموجوڵ و راپەڕینێکیان رووبەڕووی بەکۆمەڵ کوشتن و رەشبگیری بونەوەتەوەو شەقام و شارەکانیان سورکراوە بەخوێن.

بەڵام لەم سەردەمەی ئەمرۆدا ئەگەر میللەت هۆشیار بێت دووهۆکاری دووەمیان کاتی نەماوەو ئەو پاساوانە پاساوی بێ مانان، چونکە هەرگیز نابێت میللەتێکی هۆشیار بێدەنگ و خامۆش بکات، بینیمان لە شۆرشی خەڵکی لیبیادا ئەو تەقلیدە نێودەوڵەتییە بەزێنرا کە وڵاتانی دنیا بۆیان نییە دەستوەربدەنە کێشەی ناوخۆی هیچ وڵاتێک، بینیمان نەک دەستیان وەردایە کێشەی ناوخۆی لیبیا، بەڵکو چەک و فرۆکەشیان نارد بۆ دەستێوەردان و پشتیوانی لە خەڵکی . بێچەک و راپەڕیوی ئەو وڵات

کەوایە ئەگەر بێدەنگی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە، ئەوە راپەرینی خەڵکی لیبیا پیشانی داین کە ئەگەر گەل ئیرادەی هەبێت و راپەڕێت، بەدوای خۆیدا پشتیوانی نێودەوڵەتیش مسۆگەر دەکات، ئەگەر گەل چاوترساو بووبێت بەو کوشت و برەی کە دوای هەر جوڵانەوەیەک رووبەڕوویان کراوەتەوە، جیهان لێی بێدەنگ بووە، ئەوە راپەرینەکانی ناوچەکە پێشانی داین، لەم سەردەمەدا کوشت و برەکان نەک ناتوانن جوڵانەوەکان سەرکەوت بکەن، بەڵکو تا توندوتیژی بەرانبەر خەڵکی راپەڕیو بەهێزتر بێت دەرفەتی ئازادبوون گەورەتر دەبێت.

ئەوەی لەو سەربەندەدا بەندە بەگرفتی گەورەی دەزانێت هۆکاری سێیەمیانە، یەک دەستنەبوونی هێزە سیاسیەکانی کوردەو نەبوونی یەکگرتووی یەک خیتابییانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و هۆشیارکردنەوەو ئاراستەکردنی خەڵکی رۆژهەڵات بۆ یەک مەبەست و یەک ئامانج، چۆن نەبوونی ئەم کاری هاوبەشە لەنێوان لایەنەسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی پەرتەوازەبوونی توانا ناوخۆییەکانی کوردستان، هۆیەکی تریشە بۆ دڵساردی و بێهیوایی خەڵکی رۆژهەڵات بەئایندەی وڵاتەکەیان، یان رەنگە بۆشیان بوبێتە مۆتەکەی ترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناخۆ لەئەگەری گەڕانەوەی حزبەکان بۆ ناوخۆی وڵاتەکەیان.

من لێرەوە بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ناوچەکە، بەلەبەرچاوگرتنی هاتنە پێشەوەی زەرورەتی گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە، بەلەبەرچاوگرتنی دەستکەوتی بەشەکانی تری کوردستان، بەلەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنی میللەتانی ناوچەکە بەسەر دەسەڵاتە عەسکەریی و دیکتاتۆرییەکاندا، لەبەرچاوگرتنی نەمانی ئەو پرەسنیپەی کەنابێت هیچ وڵاتێک دەستوەربداتە کێشەی ناوخۆیی وڵاتێک، لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە نێودەوڵەتییەی بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران هەیە، و هاوشانی سەرکەوتنی گەلانی ناوچەکە. پێموایە دەرفەتی بەدەنگهاتنی خەڵکی رۆژهەڵاتی رەخساندووە، شکاندنی بێدەنگی لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێویست دەبینم و دەبێت چیدی شارەکان بەو شێوەیە بەخامۆشی نەمێننەوە و بانگی ئازادی بەدەنگی بەرز بدەن و وەک خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بێنە سەرشەقامەکان، بەدڵنیاییەوە ئەمەش دەبێ حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بیکەن، دەبێت ئەوان یەکگرتووانە دەستیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەوەی کە چیدی سەردەمی بێدەنگی جیهان نەماوە لەکوشت و بری خەڵکی بێتاوان، خەڵک ئاگا بکەنەوە لەوەی کە جیهان دەستی هیچ میللەتێک ناگرێت، ئەگەر میللەتێک خۆی بەدەنگ نەیەت و خۆی نەرژێتە سەرشەقامەکان بۆ داواکردنی ئازادی و بەدەنگ و قوربانیدانی خۆی جیهان پەلکێش نەکات، دەبێت لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو بێهیواییەی خەڵک بە یەکریزی ئەوان بڕەوێینەوە ئەو ترسەیان نەهێڵن کە رەنگە ئەم یەکنەبونەیان لەئەگەری ئازادی وڵاتەکەیان ببێتە هۆکاری شەری خۆ کوژی و کورد کوژی لەنێوانیان دا، دەبێت حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر هەتا دوێنێ هەستیان بە بەرپرسیارەتی گەورەی خۆیان نەکردبێت، ئەمرۆ هەست بەو بەرپرسیارەتیە گەورەیە بکەن و چیدی بە پەرتەوازەبوونیان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان نا بەهرەمەند نەکەن لەو دەرفەتە گەورەی بۆ گەلانی ناوچەکە هاتۆتە پێشەوە، بەیەک دەست و یەک دەنگ خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان ئاراستە بکەن بۆ رێرەوی ئازادی بۆ هاتنە سەر شەقام و داواکردنی ئازادی.

راستە جێی دڵخۆشییە کە لەخیتابی هەموو حزبەکانی رۆژهەڵاتدا زەرورەتی یەکدەستی و یەک هەڵوێستی و گردبونەوە لەبەرەیەکدا بەدی دەکرێت و لەم دواییەشدا باسی نزیکبونەوەی نێوان لایەنەکان لەئارادایە، بەڵام ئەوەی بێهیوایی دەخولقێنێت لە پراکتیکدا نزیکبونەوەکان لەئاستی پێویست نین.

من لێرەوە روو لەحزبەکانی رۆژهەڵات داوامە لەبەرەیەکی یەکگرتوودا کۆبنەوەو خۆیان و خەڵکی وڵاتەکەیان ئامادەی ئەو گۆرانکارییە بکەن کە چاوەڕوانکراوە لەناوچەکەدا بکرێت، هیوامە چیتر ئەم جیاوازییە لە نێوان خیتاب و کرداردا نەبینرێت و ئەم دەرفەتە گەورە لەدەست وڵات و میللەتەکەیان نەدەن.


Kommentarer

Kommentera inlägget här:

Namn:
Kom ihåg mig?

E-postadress: (publiceras ej)

URL/Bloggadress:

Kommentar:

Trackback
RSS 2.0