کۆماری سێدارە

 

 

 

 

کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران / شێرکۆ بێ‌کەس
کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران
پیر پیر بوه و
به ڵام ورەی ئێمه هەر گەرمه..

کۆماری سێدارەی ئیسلامی خوار خوار بوەتەوه و
بەڵام ئێمه تازه وا خەریکین له ملەی بەرز
دەست بۆ خۆر بەرین و دایبگرینه سەر ئەرز ..

لەم بیانیەوه …. شەقامی هەره گەورەی سنه
بو به فەرزادی کەمانگەر …
لەم بەیانیەوه … گەورەترین باغچەی مەهاباد بوو به شیرینی عەلەم هولی..
له کازیوەی ئەمڕۆوه … هەموو ئەو منداڵانەی له دایک بوون
ناوی فەرهادی وکیلیان لێ نرا!
له مڕۆوه …
له یەکەم گزنگی دەمەو بەیانەوه مەهدی ئیسلامیان بوو به گۆمی وان
له شەفەقی ئەمرۆوه …
عەلی حەیدەریان
بوو به تاق بوستانی کرماشان …
دەفەرموون سنه له سێداره بدەن؟!
مەهاباد سەر بڕن …
دەفەرموون مەهێڵن منداڵانی ئێمه له دایک بن؟!
دەفەرموون
مەهێڵن باران ببارێ و مەهێڵن گیا سەوز بێ و
مەهێڵن زەوی بژی!

من ئیتر له مڕۆوه عاشقی چاوانی شیرینی عەلەم هۆلیم
له مڕۆوه هەرچی شێعرم هەیه ئەیانکەم به
گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرینی عەلەم هولی …
له ئێستەوه من تاڵێ له قژی ئەوم …
له ئێستەوه
من نینۆکی پەنجەی ئەوم …
له ئێستەوه من ئیتر ئەبمە ئەو جووته پێڵاوەی
که له دواجار له پێ کردوو پێی چوه سەر سێداره و
له ئێستەوه من بازنەی بەجێ ماوی دەستی
شیرینی عەلەم هولیم …
کۆماری سێدارەی ئیسلامی
چی له سێداره نەدا، له خەونەوه بۆ شێعر و
له شێعرەوه بۆ ژن و له ژنەوه بۆ نان و
بۆ ئاو و بۆ گوڵ و بۆ کانی
کۆماری سێدارەی ئیسلامی
ئەوەی ناتوانێ هەرگیز هەرگیز له سێدارەی بدا
ئایندەیه و ئازادی..
٩/٠٥/٢٠١٠

سلێمانی

 

http://www.youtube.com/watch?v=iUVsGiFCMvg


Kommentarer

Kommentera inlägget här:

Namn:
Kom ihåg mig?

E-postadress: (publiceras ej)

URL/Bloggadress:

Kommentar:

Trackback
RSS 2.0