Utkast: Sep. 09, 2013

 
NNS ROJ
ئامازۆنەکانی پەکەکە، ئاڵاهەڵگرانی رزگاریی ژنانی کورد؟
هاوشێوەی سەکینە، فیدان و لەیلا، ئەو سێ ژنە ملیتانەی رۆژی ٩ی ژانوییەی ئەمساڵ لە پاریس کوژران، زۆرن ئەو ژنە کوردانەی بۆ بەرگری لە مافەکانی گەلەکەیان و هەروەها بە مەبەستی خۆ رزگارکردن لە داوی نەریتەکان، چەکیان هەڵگرتووە. چونکە لە پشت تێکۆشانی شۆڕشگێڕانی کورد، خەبات بۆ رزگاری ژنان وێنا کراو
 
لە فەڕەنسییەوە: ئازاد. م
ئەوان {ژنان} نزیکەی ٢٠٠٠ تا ٢٥٠٠ کەس دەبن کە لە چیاکانی کوردستان، چەک و رەختیان پۆشیوە. ئاخۆ ''ئامازۆنەکان''ی پەکەکە (پارتیا کارکەرێن کوردستان - سەربەخۆخواز) کە وەک پیاوان جلیان لە بەر کردوە و دیسپلینێکی وردی شێوە سەربازییان هەیە، دەتوانن نموونەیەک بن بۆ سەرجەم ئەو ژنانەی ئاواتەخوازی ئازادییەکی پترن لە نێو جەرگەی کۆمەڵگای فرە پیاومەزن و نەریت سالاریی کوردیدا؟ سێڤی ئیزولی، پارێزەر و کوردی سووریای
دانیشتووی پاریس و ئۆلیڤیێ گرۆژان مامۆستای کۆنفڕانس لە زانکۆی ئێکس مارسەی وڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە.

رزگاری لە لایەن پەکەکەوە

مردن لە جەنگەی خەباتدا، گرتووخانە، پشتگوێ خستن لە لایەن بنەماڵە، نکۆڵی کردن لە لایەن بنەماڵە... لە ئاکامە بەرچاوەکانی بڕیاری ژنێکن کە خێزانەکەی بە جێ دێڵێ و پەیوەست بە ریزی چەکداران دەبێ.
جگە لە ئایدیۆلۆژی، پێویستە ئیرادە و ویستی رزگارییان پۆڵایین بێ بۆ ئەوەی لەوێ سەرکەوتوو بن! سێڤی ئیزولی پێداگرانە دەڵێ "ئەمە شتێکی حاشا هەڵنەگرە. زۆر کچە گەنجی هەژار، کچە خوێندکاری زانکۆی عەوداڵی ئازادیی زیاتر و ئەو ژنانەی بە زۆرەملێ بە مێرد دراون، پەیوەست بە پەکەکە دەبن بۆ ئەوەی لە چارەنووسی کۆمەڵگاکەیاندا بەشدار بن."
ئۆلیڤیێ گرۆژانیش، نووسەری وتارێک لە سەر خەباتی چەکداری و ئازادی ژنان کە لە ژمارەی ٦٠ی گۆڤاری رەخنەی نێونەتەوەییدا بڵاو بۆتەوە، لە نزیکەوە ئەو کچانەی بینیوە کە لە چنگ زەماوەندی زۆرەملێ رایانکردوە و تەڤلی پەکەکە بوون، ئەو دەڵێ "لەوانەیە تەنیا لە بەر ئەم هۆکارە نەبێ، بەڵام ئەوەی راستی بێ، مەیلی رزگاریی، پرەنسیپێکی سەرەکیی بەشداربوونە. لە لایەکی دیکەوە، هۆکاری بەشداربوونیان ئەوەیە کە ئاسۆیەکی ئەوتۆیان لە بەردەمدا نییە: باوکیان لە گرتووخانەیە، براکانیان گەریلان و گوندەکانیان کاول بوون. بۆ ئەم ژنانە کە لە دەرەوەی بنەماڵە، هیچ داهاتوویەکیان نییە، ژیانی سڤیل ئەستەم و دژوارە."
سێڤی ئیزولی لە سەفەرە بەردەوامەکانی بۆ کوردستان، لە نێو دێهاتەکان لە گەڵ بنەماڵەکانی کورد پەیوەندی بەستووە و بەردوام باسی ئەو کچانەی بۆ کراوە کە تەسلیمی پیاو یاخود بنەماڵە نەبوون و خەباتی چەکدارییان هەڵبژاردوە. ئیزولی دەڵێ "بۆ ژنێک کە پەیوەست بە پەکەکە بووە، ناتوانین بڵێین لە گەڵ پیاوێک رۆیشتوە، هەروەها ناتوانین بڵێین دژی داب و نەریتەکانە. بەڵێنداری، بۆچوونێکی گونجاوە."

تێڕوانینێکی جیاواز
تێڕوانینی کۆمەڵگای سڤیل سەبارەت بەوانەی وەک "ئامازۆنەکانی پەکەکە" ناویان دێنین، بە شێوەیەکی بەرچاو لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕدراوە. ساڵانی ١٩٩٠، ئەوان لە لایەن میدیا و حکومەتی تورکیاوە بە کۆیلەی سێکس لە قەڵەم دەدران، لە کاتێکدا کە پەیوەندی سێکس لە ناو میلیتانەکاندا هەمیشە قەدەغە بووە. بەڵام ئەو کات، خەڵک تەنیا پێیان وابوو کە گەریلاکان پێکەوە پیاسە دەکەن، لە ژێر تریفەی مانگدا دەخەون و پیاو و ژنیان پابەندی هیچ ئەخلاقێک نین.
سێڤی ئیزولی، پارێزەر لە پاریس، موشترییەکی خۆی لە بیرە کە پیاوێکی بە ساڵاچوو بوو و داوای مافی پەنابەرێتی سیاسیی لە فەڕەنسا کردبوو: "کچەکەی ساڵانی ١٩٩٠، بەشداری ریزەکانی پەکەکە ببوو، بەڵام ئەو ویستبووی بە یەکجاری فەرامۆشی بکا، کاتێکیش دواجار سەبارەت بەو قسەی کرد، لێم پرسی ئەم بێدەنگییە بۆچی. لە وڵامدا گوتی لە سەر ئەو لە ماڵەکەی دەرکراوە و ئەگەر بێت و باسی بکا ئەوا لە لایەن ئەوروپاوە بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدرێ."
بەڵام پەکەکە، لە گەرمەی شەڕدا، پێویستی بە ژنان بوو و باش دەیزانی کە لە کۆمەڵگایەکی وا کۆنەپارێزدا، ناتوانێ بێ ئیماژ گۆڕین، پرسەکەی سەر بخا. بۆیە رێوشوێنی توندی گرتە بەر: ئەو میلیتانانەی پەیوەندی سێکسیان هەبوایە، سزا و بگرە ئیعدام دەکران. "ئەمە دەزانرا و ئەمڕۆکە بنەماڵەکان زۆر شانازی بە کچەکانیانەوە دەکەن؛ ئەوان رێزدارن و دەیانەوێ ببنە سەرمەشق"، سێڤی ئیزولی وای گوت.

رێگایەکی بێ گەڕانەوە
لە گەڵ ئەمەشدا هەندێک لە ژنانی گەنج دڕدۆنگ دەبن و پەژیوان دەبنەوە لەوەی ئەو رێگە پڕ لە تەنگ و چەڵەمەیەیان هەڵبژاردووە. بە بۆچوونی سێڤی ئیزولی، "تا ئەو کاتەی گەنج و ئیدەئالیستن، بەرگەی ئەو دیسپیلین و بەربەستانە دەگرن، بەڵام لە سی ساڵی بەدوا جارناجارێ بیر لە شتی تر وەک بنەماڵە یان مناڵ دەکەنەوە." ئەوانەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ ژیانی سڤیل بدەن، بە هۆی غیابی لێبوردنێکی گشتی لە لایەن حکومەتی تورکەوە، وەک راکردوو لە قەڵەم دەدرێن. بۆیە زۆربەیان وەک سەکینە جانسز کە لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا تیرۆر کرا، لە چیاکان دەمێننەوە.
زۆربەی ئەوانەی کە لە گرتووخانەش دێنە دەر یان بە هۆی کێشەی تەندروستیەوە ناچار دەبن واز لە گەریلایەتی بێنن، ژیانی مەنفا لە ئەوروپا یان مەترۆپۆلە گەورەکانی تورکیا هەڵدەبژێرن. "لێرە، بە پێی پێویست جۆرێک لە ژیانیان بۆ دەرەخسێ کە پێشتر لێی بێ بەری بوون. دەتوانن کار بکەن و پەیوەندی خۆشەویستی و سێکسی ئازادتر ئاوێتەی ژیانیان بکەن''، ئۆلیڤیێ گرۆژان وای گوت. زۆر بەدەگمەن هەڵدەکەوێ ئەو ژنانە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان بۆ ئەوەی ژیانی هاوسەرێتی پێک بێنن و ئەوان بە شێوەیەکی دابڕاو، کاریگەرییەکیان لە سەر کۆمەڵگا نییە.
لە گەڵ ئەمەشدا، زۆربەی ئەوانەی دادەبڕێن، گرێدراوی ئایدیۆلۆژی پەکەکە دەمێننەوە و ریزەکانی باڵە سیاسییەکەی پەکەکە واتە بەدەپە بەرفراوانتر دەکەن و ئەڵقەیەکی راستەقینە و پۆڵایینی رزگاری ژنانی کورد پێک دێنن.

بەدەپە: حزبێک چەند هەنگاو لە پێش کۆمەڵگاوە
بەدەپە ٢٩ ئەندامی لە پەرلەمانی تورک هەیە کە ١٤ لەوان ژنن. ( لە کۆی ٥٣ پەرلەمانتاری مەهەپە کە حزبێکی ناسیۆنالیست و سوننەتییە، تەنیا ٣ پەرلەمانتار ژنن). بەدەپە هەروەها حزبێکە لە تورکیا زۆرترین جێگر و شارەوانی ژنی هەیە… شارەوانی شاری نوسەیبنی تورکیا کە لە سەر سنووری عێراق و سووریا هەڵکەوتووە، ژنێکە؛ ئەو بنکەیەکی بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانە دامەزراندوە کە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها سەنتەرێکی راوێژ بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێ جیا ببنەوە و ناوەندگەلێک بۆ راگرتنی مناڵان بونیاد ناوە و دژی فرەژنیش تێکۆشانی بەرچاوی هەیە.
حاشاهەڵنەگرە فێمینیزەکردنی پەکەکە و بەدەپە رەوایەت بە بوونی ژنان لە ئەنجوومەنەکان و بوارە سیاسییەکان دەدا و لە بزووتنەوەی فێمێنیستی تورک ئیلهامی وەرگرتوە کە ساڵانی ١٩٩٠ زۆر چالاک بوو. لە خۆپێشاندانەکاندا، بەردەوام ژنانی تورک و کورد، بێ جیاوازی تەمەن شان بە شانی یەک دەبینرێن، جاری وایە ژنانی پیر بە جلی خۆماڵیەوە دەبینرێن کە پلاکاردیان بەرز کردۆتەوە و دروشم دەدەن. سێڤی ئیزولی دەڵێ "ئێمە دیاردەیەکی پێچەوانەی ئەو شتە دەبینین کە لە تونێس روو دەدا، لە تونێس کۆمەڵگا لە پێناو رزگاریی ژنان لە پێش حزبە سیاسییەکانەوەیە. کە سیاسەتیش چەق ببەستێ، ئەمە دەبێتە ئاستەنگێکی گەورە."
گومانی تێدا نییە روانینی بنەماڵەکانی و کۆمەڵگای دێ نشین لە سەر ژنان دەگۆڕدرێ. بەڵام ئاخۆ دەسەڵاتی زاڵی پیاو بە سەر ژن یا خود کچەکەی خۆی گۆڕانی بە سەردا هاتووە؟ ئەگەر وای دابنێین - ئێستا لە مەحاڵ دەچێ - حکومەتی تورک لێبوردنێکی گشتی بۆ پێنج هەزار خەباتگێڕی پەکەکە دەربکا و ئەوان لە چیاکان بگەڕێنەوە بۆ ژیانێکی سڤیل، بێگومان کۆمەڵگای سوننەتی و هەڵسوکەوتەکانی ئەوان بێزار د.
سێڤی ئیزولی پێی وایە "ئەگەر ئەم کچانە لە چیاکان بێنە خوار، دەبنە دەوڵەمەندییەکی بێ وێنە بۆ کۆمەڵگای کورد و بگرە کۆمەڵگای تورکیش." وەک دەرئەنجام بەمجۆرە دەدوێ: "پەروەردەیەکی باشیان بینیوە، بە‌هێزن، بوێرن و لە گەڵ هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان ئاشنان، ئەوان دەتوانن بە دەستێکی پڕ بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگای سڤیل، بۆ بەشداری لە سیاسەتدا خۆیان ئامادە بکەن و لە پەروەردەکردنی کچ، برازا، ئامۆزا و …دا رۆڵیان هەبێ. خواش دەزانێ ئاخۆ لەم بەهاری پیاوان و زستانی ژناندا پێویستیمان پێیان دەبێ یان نا!"

Kommentarer

Kommentera inlägget här:

Namn:
Kom ihåg mig?

E-postadress: (publiceras ej)

URL/Bloggadress:

Kommentar:

Trackback
RSS 2.0